كه‌ركوك؛ یه‌كه‌ی قه‌سته‌ره‌ی دڵ كرایه‌وه‌
هێمن ئه‌حمه‌د
رۆژی 15/4/2014، به‌ئاماده‌بوونی د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك و د. سه‌باح ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك‌و ژماره‌یه‌ك له‌پزیشكانی نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی فێركاری، یه‌كه‌ی قه‌سته‌ره‌ی دڵ كرایه‌وه‌ كه‌بۆ یه‌كه‌مجاره‌ ئه‌م یه‌كه‌یه‌ بكرێته‌وه‌.
 د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك رایگه‌یاند: به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌ی قه‌سته‌ره‌ی دڵ له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی فێركاری پیرۆزبایی خۆی له‌دانیشتووانی كه‌ركوك كرد، چونكه‌ پێشتر خه‌ڵكی شاره‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی قه‌سته‌ره‌كردنی دڵ سه‌ردانی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌و پارێزگای به‌غداو ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان ده‌كرت.
وتیشی: مه‌شق به‌و كادیرانه‌ش كراوه‌ كه‌ ئامێری قه‌سته‌ره‌كه‌ به‌كار ده‌هێنن‌و پزیشكێكی پسپۆر تایبه‌ت به‌مكاره‌ دابین ده‌كرێت‌و ئێمه‌ش دۆست‌و هاوڕێ خۆمان هه‌یه‌ له‌وڵاتی ئه‌مریكا هه‌ر ماوه‌ی جارێك ده‌یانهێنن بۆئه‌وه‌ی هاوكاری پزیشك‌و نه‌خۆشه‌كانی كه‌ركوك بدات.
هاوكات د. سه‌باح ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك پێیڕاگه‌یاندین: كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌ی قه‌سته‌ره‌ی دڵ له‌نه‌خۆشخانه‌كه‌ گرنگییه‌كی تایبه‌تی ده‌بێت‌و بێ به‌رامبه‌ر قه‌سته‌ره‌ بۆ نه‌خۆش ده‌كرێت، هه‌روه‌ها له‌به‌رنامه‌یاندایه‌ یه‌كه‌كه‌ بكه‌نه‌ سه‌نته‌رێكی گه‌وره‌، وتیشی: تێچووی یه‌كه‌كه‌ ملیۆنێك‌و حه‌وت سه‌دو هه‌ژده‌ هه‌زار دۆلاره‌، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراقه‌وه‌ بۆی دابینكراوه‌، به‌ڵام شوێن و پێداویسته‌كانی ئامێره‌كه‌ له‌سه‌ر بوودجه‌ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك ده‌بێت.