له‌كه‌ركوك، 74 هه‌زار پشكنین بۆ نه‌خۆشی ئایدز ئه‌نجامدراوه‌
هێمن ئه‌حمه‌د
به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ئایدزه‌وه‌ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك به‌چاودێری د. سه‌باح ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌كه‌و به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌سه‌رتاشخانه‌و ئارایشتگه‌كانی كه‌ركوك، ئاهه‌نگێك رێكخرا.
له‌وباره‌یه‌وه‌ د. فه‌ره‌یدون نه‌جمه‌دین پسپۆری هه‌ناو و به‌ڕێوه‌به‌ری هۆبه‌ی ئایدز رایگه‌یاند: "به‌پێی ئامارێكی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ 74 هه‌زار پشكنین ئه‌نجامدراوه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش كه‌سێك هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ بوو ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌شاری كه‌ركوك به‌راورد به‌پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق له‌ڕووی ئه‌و نه‌خۆشی ئایدزه‌وه‌ باشه‌، ئه‌میش به‌پێی رێكخراوی جیهانی (M.H.O)".
وتیشی: "سی‌و پێنج میلۆن هه‌ڵگری ڤایرۆسی ئایدز له‌هه‌موو جیهان تۆماركراوه‌و زۆرترینشیان له‌وڵاتی ئه‌فریقیای باشور تۆماركراوه‌".
د. فه‌ره‌یدون رێنمای سه‌رتاشخانه‌و ئایشتگه‌كانی كرد كه‌خاولی‌و كه‌ره‌سته‌ی دیسپۆزه‌بڵ به‌كار بهێنن، چونكه‌ ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌و رێگایانه‌وه‌ بۆ كه‌سی به‌رامبه‌ر ده‌گوازرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی تاتۆو كه‌ڵه‌شاخ هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ نه‌خۆشیه‌كه‌و ده‌بێت هاووڵاتیان خۆیان به‌دور بگرن له‌ئه‌نجامدانی ئه‌و كارانه‌.

هه‌ڵمه‌تی كوتان دژی ئیفلیجی منداڵان ده‌ستی پێكرد
هێمن ئه‌حمه‌د
رۆژی 8/11/2015، به‌چاودێری د. سه‌باح ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك، قۆناغی دووه‌می كوتانی وه‌رزیی دژی ئیفلجی منداڵان ده‌ستی پێكردو هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش بۆ ماوه‌ی پێنچ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.
د. بورهان عومه‌ر ره‌شید به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ته‌ندروستی گشتیی له‌فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك رایگه‌یاند: "ئامانج له‌هه‌ڵمه‌تی كوتانه‌كه‌، كوتانی زیاتر له‌151 هه‌زار منداڵه‌ له‌ كه‌ركوك، جگه‌ له‌و ژماره‌یه‌ش 27 هه‌زار منداڵی ئاواره‌ له‌شاره‌كه‌ بونیان هه‌یه‌".
وتیشی: "هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌ڕێگه‌ی تیمی گه‌ڕۆكی ماڵ به‌ماڵ‌و بنكه‌كانی ته‌ندروستیه‌وه‌ ده‌بێت. چه‌ند رۆژێكه‌ ته‌ندروستی كه‌ركوك له‌ڕێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ رێنمای له‌سه‌ر كوتانه‌كه‌ به‌هاووڵاتیان ده‌ده‌ن".

مانگرتن دژی له‌ كار لابردنی به‌ڕێوبه‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك
21/10/2015
رۆژی 21 /10/2015 كارمه‌ندانی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی له‌ دیوانی فه‌رمانگه‌كه‌ و سه‌رجه‌م دامو ده‌زگا ته‌ندروستیه‌كان له‌ شاری كه‌ركوك بۆ ماوه‌ی كاتژمێرێك مانیان گرت .دژی له‌ كار لابردنی به‌ڕێوبه‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك 
شایانی باسه‌ ئه‌م مانگرتنه‌ له‌ لایه‌ن سه‌ندیكای پزیشكان و پزیشكانی ددان و ده‌رمانسازان و سه‌ندیكای كادیرانی ته‌ندروستی لقی كه‌ركوك رێكخرا و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی سه‌ندیكاكان و نوێنه‌ره‌كانیان به‌یاننامه‌ی ناره‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی خوێندرایه‌وه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ .
هه‌روه‌ها  له‌ به‌یانامه‌كه‌دا سه‌رجه‌م كادیرانی ته‌ندروستی و پزیشكی و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی پشتگیری خۆیان ده‌رخست به‌رامبه‌ر بڕیاری ده‌رچوو له‌ نوسینگه‌ی به‌رێز پارێزگاری كه‌ركوك و دادوه‌ر به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و له‌ كار لابردنی (دكتۆر سه‌باح ئه‌مین) له‌پۆسته‌كه‌ی ، چونكه‌ ئه‌م بڕیاره‌ پێچه‌وانه‌ی سیسته‌می لامه‌ركه‌زیه‌ و دژی ئیراده‌ی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك . 
هه‌ڵمه‌تی به‌خشینی خوێن له‌ مه‌راسیمی عاشورا له‌ كه‌ركوك 
28/10/2015 
به‌شی كرداره‌ پزشكیه‌كان تایبه‌تمه‌ندیه‌كان له‌ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك و بانكی سه‌ره‌كی خوێن به‌ هاوكاری حوسه‌ینیه‌ی ئه‌هل ئه‌لبێت له‌ گه‌ڕه‌كی تسعینی كه‌ركوك هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی بۆ به‌خشینی خوێن رێكخست بۆ پشتیوانیكردنی برینداره‌ قاره‌مانه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان شایانی ووتنه‌ 350 كه‌س له‌ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كان خۆێنیان به‌خشی له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا .
  
ته‌ندروستی كه‌ركوك : ده‌ست به‌سه‌را گرتن و له‌ ناو بردنی پێنج تۆن ماسی 
13/10/2015
رۆژی 13 /10/2015 تیمێكی چاودێری ته‌ندروستی له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی یه‌كی كه‌ركوك له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵمه‌تێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان هێزی نه‌هیشتنی تاوانه‌كان توانی ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر 500 كغم (5 تۆن) ماسی خراپ بوو كه‌ شیاوی به‌كارهێنانی مرۆیی نه‌بوو به‌ هۆی به‌سه‌ر چوونی ماوه‌ی به‌كارهێنانی .
ته‌ندروستی كه‌ركوك :تیمێكی پزیشكی  له‌ ناوچه‌ی سۆره‌ ده‌رمانی له‌ناو بردنی مێروو ده‌پرژێنێت و چاره‌سه‌ر پێشكه‌شی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات .
12/10/2015
 تیمێكی پزیشكی سه‌ر به‌ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك  هه‌ستا به‌ په‌رژاندنی ده‌رمانی مێش و مه‌گه‌ز له‌ ناوچه‌ی سۆره‌ سه‌ر به‌كه‌رتی داقوق و هه‌روه‌ها هه‌مان تیم سه‌ردانی هێزی پێشمه‌رگه‌یانكرد له‌ و ناوچه‌یه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان .

ه‌ندروستی كه‌ركوك : تیمێكی پزیشكی گه‌رۆك خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌  خیزانه‌ ئاواره‌كان ده‌كات 
7/10/2015
رۆژی 7/10/2015 تیمێكی پزیشكی گه‌ڕۆك كه‌ له‌ لایه‌ن به‌شی كرداره‌ پزیشكیه‌كان و هۆبه‌ی كاروباری په‌رستاری له‌ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك پێكهاتبوو پشكنینیان بۆ ئاواره‌كان ئه‌نجامدا  و هه‌روه‌ها حه‌بی پاكژكه‌ره‌وه‌ی ئاو (كلۆر) یان به‌سه‌ر خێزانه‌ ئاواره‌كان دابه‌ش كرد و هه‌روه‌ها ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ تووشی به‌د خۆراكی بوونه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌م تیمه‌وه‌ پرۆتینیان پێدرا .

هه‌ڵمه‌تی كوتانی منداڵان
 
یه‌كه‌ی پته‌وه‌ كردنی ته‌ندروستی له‌ كه‌رتی كه‌ركوكی یه‌كه‌م وه‌ك پلانی ساڵانه‌ی خۆی هه‌ستا به‌ ئاماده‌كاری و ده‌ست به‌كار بوون بۆ جێ به‌جێكردنی پلانی راگه‌یاندن بۆ هه‌ڵمه‌تی نیشتیمانی پاییزه‌ بۆ كوتانی ئیفلیجی منداڵان له‌ رێگای ده‌مه‌وه‌ بۆ ته‌مه‌نی (سفر _59) مانگی كه‌ له‌ ماوه‌ی 4 بۆ 8 /10/ 2015 به‌رده‌وام ده‌بێت .
هه‌روه‌ها له‌ چالاكیه‌كانی رۆژی یه‌كه‌می هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێوبه‌ری كه‌رتی كه‌ركوكی یه‌كه‌م ، پزیشكی ده‌رمانساز احمد انعام و سه‌رپه‌رشتیاری تیمه‌كانی كوتان، دكتۆر عوسمان حه‌سه‌ن سه‌ردانی بنكه‌ی ته‌ندروستی (واستی)یان كرد كه‌ ئاواره‌یه‌كی زۆری له‌ خۆ گرتووه‌ و شایانی باسه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م چالاكیانه‌ سه‌ردانی بنكه‌ی ته‌ندروستی سه‌ره‌تایی (رێگای به‌غدا و غه‌رناته‌ كرا له‌ لایه‌ن تیمێكی هۆشیاركردنه‌وه‌ كه‌ پێك هاتبوو له‌ به‌رپرسی یه‌كه‌كانی پته‌و كردنی ته‌ندروستی خلیل ابراهیم و به‌رپرسی پته‌وه‌ كردنی ته‌ندروستی له‌ بنكه‌ی به‌گله‌ر بۆ چاودێری ته‌ندروستی . 
ته‌ندروستی كركوك : ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی  21 تۆن هێلكه‌ی خراپ بوو 
15-9-2015
فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك رۆژی 15/9/ 2015 توانی ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر 700 كارتۆن هێلكه‌ی خراپ بوو به‌ هۆی به‌سه‌ر چوونی ماوه‌ی به‌كارهێنانی .به‌ڕێوبه‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك دكتۆر سه‌باح ئه‌مین داودی ووتی : تیمه‌كانی چاودێری ته‌ندروستی له‌ فه‌رمانگه‌كه‌ به‌ هاوكاری به‌رێوبه‌رایه‌تی نه‌هێشتنی تاوان توانیان ده‌ست بگرن به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی ساردكه‌ره‌وه‌ كه‌ هه‌ڵگری بڕێكی زۆر له‌ هێلكه‌ بوو .هه‌روه‌ها ووتیشی : ئه‌و بڕه‌ هێلكه‌یه‌ پێك هاتبوو له‌ 700 كارتۆن (21 تۆن) هێلكه‌ی خراپ بوو كه‌ له‌ ناوچه‌ی له‌ چاڵا نانی ته‌ندروستی له‌ناو برا و رێگری كرا له‌ مامه‌ڵه‌كردن پێ.جگه‌ له‌مه‌ ، له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵمه‌تێكی ته‌ندروستی له‌ گه‌ره‌كی په‌نجا عه‌لی تیمه‌كانی چاودێری ته‌ندروستی له‌ كه‌رتی دوو توانیان ده‌ست بگرن به‌سه‌ر بڕێك خۆراكی وشكه‌ وشله‌مه‌نی كه‌ نه‌ شیاوبوو بۆ  به‌كار هێنان.
تیمێكی ته‌ندروستی كه‌ركوك چونه‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ
كه‌ركوك، هێمن ئه‌حمه‌د
رۆژی 13/9/2015، تیمێكی ته‌ندروستی به‌چاودێری د. سه‌باح ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك چونه‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ.ئازاد سابیر به‌ڕێوه‌به‌ری هۆبه‌ی رۆژی كرداره‌ پزیشكیه‌كان له‌فه‌رمانگه‌كه‌، به‌كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: "به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی ده‌رمان‌و قانڕێژكردنی سه‌رنگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ تیمێك له‌فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی پێكهێنراو سه‌ردانی پێشه‌وه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگیان كرد".وتیشی: "ئامانجی سه‌ره‌كی به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌ پێدانی ده‌رمان بوو بۆ ئه‌و برا پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ بوو كه‌سینگی خۆیان كردۆته‌ قه‌ڵغان بۆ به‌رگری كردن له‌كه‌ركوك و كوردستان، فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك به‌رده‌وام تیمی پزیشكی بۆ برا پێشمه‌گه‌كان پێكهێناوه‌ له‌بوونی هه‌ر رووداوێكی نه‌خوازراو".باسی له‌وه‌شكرد تێمه‌ ته‌ندروستیه‌كه‌ سه‌ردانی گونده‌كانی (سوور، نه‌وافل، حومه‌یریه‌)ی كرد، بۆ پێدانی ده‌رمان‌و قه‌ڵاچۆڵكردنی مێشووله‌ له‌و شوێنانه‌".
ته‌ندروستی كه‌ركوك: هه‌ڵمه‌تی خوێن به‌خشین ئه‌نجامدرا
كه‌ركوك، هێمن ئه‌حمه‌د
رۆژی 31/8/2015، به‌بۆنه‌ی ساڵیادی شه‌هید بوونی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ "ئازاد هه‌ورامی"و به‌ئاماده‌بوونی ئاسۆ مامه‌ند ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان‌و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی رێكخستنی كه‌ركوك، له‌هه‌ڵمه‌تێكی خوێن به‌خشینیاندا له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی فێركاری كه‌ركوك خوێنیان به‌خشیه‌ بریندارانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و نه‌خۆشیه‌كانی شێرپه‌نجه‌و تالاسیما.ئاسۆ مامه‌ند پێیراگه‌یاندین: "وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ شه‌هیده‌كان‌و به‌تایبه‌تی شه‌هیدی سه‌ركرده‌  ئازاد هه‌ورامی، رۆژی31ی ئاب كه‌ ساڵیادی شه‌هیدبوونی ئازاد هه‌ورامیه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك مه‌ڵبه‌ندو ده‌زگاكانی یه‌كێتی بۆ ئه‌م یادكردنه‌وه‌یه‌ هه‌ڵمه‌تی خوێن به‌خشینمان به‌باشزانی‌و عه‌ره‌ب‌و توركمانیش به‌شداری هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ بوون، چونكه‌ وه‌ك ئۆرگانه‌كانی ی.ن.ك برا عه‌ره‌ب و توركمانیشی تێدایه‌و ئه‌وانیش به‌وپه‌ڕی شانازیه‌وه‌ له‌هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌شدار بوون".د. گه‌یلان قادر به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی فێركاری كه‌ركوك ووتی: "هه‌ڵمه‌تی خوێن به‌خشین به‌رده‌وام سود به‌نه‌خۆشخانه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی سه‌نته‌ری تالاسیماو شێرپه‌نجه‌ هه‌یه‌و به‌رده‌وام پێویستیان به‌خوێنه‌، به‌پێی ئاماری سه‌نته‌ری تالاسیما له‌نه‌خۆشخانه‌كه‌ زیاترله‌ 250 نه‌خۆشی تالاسیما هه‌یه‌و ژماره‌كه‌ش روو له‌زیادبونه‌، چونكه‌ رۆژانه‌ 10 بۆ 20 نه‌خۆش تۆمار ده‌كرێت لامان، بۆیه‌ هه‌ڵمه‌تی خوێن به‌خشین چه‌ند زیاتر بكرێت ئه‌وه‌ند سود به‌و نه‌خۆشانه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه‌ جاری وا هه‌یه‌ جۆری خوێنمان زۆر كه‌مه‌ به‌تایبه‌تی جۆری نه‌گه‌تیڤ". وتیشی: "جگه‌ له‌م نه‌خۆشیانه‌ به‌رده‌وام نه‌شته‌رگه‌ری له‌نه‌خۆشخانه‌كه‌ ئه‌نجامده‌درێت بۆیه‌ به‌رده‌وام پێویستمان به‌خوێنی زیاتره‌و ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ش جێگه‌ی ده‌ستخۆشیه‌، چونكه‌ سودێكی زۆرباش له‌خوێنه‌كان وه‌رده‌گرێن".ئازاد سابیر به‌ڕێوه‌به‌ری هۆبه‌ی ژووری كرداره‌ پزیشكیه‌كان له‌فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك: " ووتی: "به‌رده‌وام 600 بوتڵ خوێن له‌بانكی خوێن له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی كه‌ركوك وه‌ك یه‌ده‌ك دانراوه‌و دوو بانكی لاوه‌كیشمان له‌نه‌خۆشخانه‌ی كه‌ركوكی گشتیی‌و نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی هه‌یه‌".
خولێكی تاقیگه‌یی زانستی گه‌شه‌ پێدانی بۆ ده‌رچوانی كۆلێژی زانستی كرایه‌وه‌
24/8/2015
به‌شی تاقیگه‌یی له‌فه‌رمانگی ته‌ندروستی كه‌ركوك هه‌ڵده‌ستێت به‌كردنه‌وه‌ی خولێكی گه‌شه‌ پێدان‌و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ده‌رچوانی كۆلێژی زانستی بۆ یه‌كه‌م جار له‌پارێزگای كه‌ركوك.
ئامانج له‌م خوله‌ زانستییه‌ بۆ ده‌رچوانی كولێژی زانستیه‌، بۆ هه‌ردوو به‌شی (زانستی زینده‌وه‌ زانی‌و كیمای زینده‌وه‌ زانی) كه‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵ ده‌خایه‌نێت.
شایانی باسه‌ ئه‌م خوله‌ ساڵانی رابردوو ته‌نیا له‌چوار پارێزگای عیراق (به‌غدا، به‌سرا، موسڵ، بابل) ده‌كرایه‌وه‌، به‌ڵام له‌دوای هه‌وڵ‌و ماندبوونی زۆری فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك‌و به‌شی تاقیگه‌یی خۆشبه‌ختانه‌ بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌م خوله‌ له‌تاقیگه‌ی ته‌ندروستی گشتیی كه‌ركوك به‌سه‌رپه‌رشتی چه‌ند پزیشكێكی پسپۆر له‌و بواره‌دا خوله‌كه‌ ده‌وترێته‌وه‌و وابڕیاره‌ ساڵاتی داهاتووش به‌رده‌وام بێت.
 ژماره‌ی به‌شداربووانی خوله‌كه‌ 38 كاردیری تاقیگه‌ین كه‌ده‌رچووی كۆلێژی زانستین‌و له‌دوای به‌شداربوون له‌م خوله‌، دواتر مۆڵه‌تی پیشه‌ییان پێده‌درێت‌و هه‌روه‌ها به‌پێی مه‌رجه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ درێژه‌دان به‌خوێندن‌و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ماجستێر به‌شداربوونه‌ له‌ئه‌م خوله‌ مه‌رجێكی سه‌ره‌كییه‌.
شایانی باسه‌ 32 كه‌س له‌به‌شداربووان ده‌رچووی بایه‌لۆجین‌و شه‌ش كه‌سه‌كه‌ی دیكه‌ كیمایین.
بۆیه‌كه‌مجار له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی فێركاری : دانانی ئامێرێكی  پێشكه‌ووتو  بۆ پشكنینی چاو  داده‌مه‌زرێت 
17/8/2015
دكتۆر گه‌یلان قادر به‌ڕێوبه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی فێركاری رایگه‌یاند كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی فێركاری و راوێژكاری چاو ئامێرێكی پێشكه‌ووتوو دانرا كه‌ كڕینی ئه‌م ئامێره‌ له‌ چوارچێوه‌ی گرێبه‌ستی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیه‌ .
باسم عه‌لی له‌ به‌شی چاوو  روونی كرده‌وه‌  كه‌ ئه‌م ئامێره‌ له‌ به‌شی راوێژكاری چاوله‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ دانراوه‌ كه‌ پشكنینی (VEP,ERG,EOG) پێ ئه‌نجام ده‌درێت و هه‌روه‌ها پشكنینی ده‌ماره‌كانی چاو و پشكنینی چینه‌كانی تۆری چاوو  و ده‌ستنیشان كردنی كیشه‌كان له‌ هه‌ر یه‌ك له‌و چینانه‌ و هه‌روه‌ها پشكنینی ده‌رپه‌ڕینی خوێن له‌ تۆره‌كانی چاو و ده‌رخستنی چه‌ند نه‌خۆشیه‌كی سه‌ختی چاو ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ .
ووتیشی : ئه‌م ئامێره‌ به‌شێوازێكی ئه‌لكترۆنی سه‌رجه‌م كیشه‌كان و نه‌خۆشیه‌كان به‌شێوه‌یه‌ی داتا له‌ سه‌ر شاشه‌كه‌ی ده‌رده‌خات .
زیاتر له‌ 11 هه‌زار پشكنینی هاوسه‌رگیریی ئه‌نجامدراوه‌
له‌تاقیگه‌ی ته‌ندروستی گشتیی كه‌ركوك 12 یه‌كه‌ی پشكنینی جۆراوجۆر هه‌یه‌
ئا: هێمن ئه‌حمه‌د
به‌پێی ئاماری تاقیگه‌ی ته‌ندروستی گشتیی كه‌ركوك، له‌حه‌وت مانگی رابردودا یانزه‌ هه‌زارو 511 پشكنینی خوێن بۆ پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌پارێزگای كه‌ركوك ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری تاقیگه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت؛ له‌تاقیگه‌كه‌یان 12 یه‌كه‌ی پشكنینی جۆراو جۆر بۆ ده‌ستنیشان كردنی نه‌خۆشیه‌كان هه‌یه‌.
دوانزه‌ یه‌كه‌ی پشكنین هه‌یه‌لوقمان ساڵح عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری تاقیگه‌ی ته‌ندروستی گشتیی سه‌ر به‌فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك پێیڕاگه‌یاندین: "تاقیگه‌كه‌یان له‌دوانزه‌ یه‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌وانه‌ یه‌كه‌ی پرسگه‌ی لاوه‌كی پێشوازی له‌و كوڕو كچانه‌ ده‌كات كه‌به‌نیازی هاوسه‌رگیری سه‌ردانیان ده‌كه‌ن‌و دواتر ده‌برێنه‌ یه‌كه‌ی وه‌رگرتنی خوێن له‌هه‌ر دوولا واته‌ له‌كوڕو كچه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی پشكنینی خوێن بۆیان‌و دواتر خوێنه‌كه‌ ره‌وانه‌ی یه‌كه‌كانی دیكه‌ وه‌كو یه‌كه‌ی خوێن بۆ دلێنیابوون له‌نه‌خۆش تالاسیماو دواتر بۆ یه‌كه‌ی سیلۆجی بۆ دڵنیابوون پشكنینی (v.d.r.l) ده‌كات بۆ كوڕ و كچه‌كه‌، یه‌كه‌ی هه‌ناویش پشكنینی ڤایرۆسی جگه‌ری ده‌كات، ڤایرۆسی جگه‌ری دوو جۆری هه‌یه‌ تایپی (B)و (C) ده‌كرێت ئه‌م پشكنینه‌كه‌ش پشكنینی پێشوه‌خته‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشیه‌كان بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌ز كه‌ئایا تووش بوونه‌ به‌م نه‌خۆشیه‌ یان كه‌سوكاره‌كه‌ی پاشماوه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌یان هه‌یه‌ یان نا، یه‌كه‌یه‌كی دیكه‌یان هه‌یه‌ ئه‌ویش یه‌كه‌ی پشكنینی ئایدزه‌و هه‌مان پشكنین بۆ كه‌سی سه‌ردانكه‌ر ده‌كرێت، وتیشی: "جگه‌ له‌و یه‌كانه‌، یه‌كه‌ی كۆلێرامان هه‌یه‌ كه‌پشكنین بۆ سه‌رجه‌م دانیشتوانی كه‌ركوك ده‌كات، ئه‌م شوێنه‌ش به‌سه‌نته‌رێكی ناوه‌ندیی داده‌نرێت، هه‌روه‌ها یه‌كه‌یه‌كی دیكه‌مان هه‌یه‌ ئه‌ویش یه‌كه‌ی چاندنی ناوه‌ندییه‌ بۆ هه‌ر به‌كتریایه‌ك پشكنینی چاندنی بۆ ده‌كرێت
ئاوی كه‌ركوك پاكه‌باسی له‌وه‌شكرد دوای ئه‌نجامدانی پشكنین بۆ سه‌رچاوه‌ی ئاوی كه‌ركوك ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ستانداری جیهانی پاك ده‌رچوو، به‌ڵام كاتێك كێشه‌ له‌تۆڕه‌كان دروست ده‌بێت یان ده‌شكێت ئه‌و كاته‌ ئاوه‌كه‌ پیس ده‌بێت، بۆیه‌ دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ هیچ كێشه‌ه‌یه‌ك له‌سه‌رچاوه‌ی ئاوی كه‌ركوك نییه‌ و زۆر پاكه‌.به‌ردی بناغه‌ی تاقیگه‌ی ته‌ندروستی گشتیی له‌ساڵی 2007 ـ 2008ه‌وه‌ له‌لایه‌ن د. سه‌باح ئه‌مین ئه‌حمه‌د داوودی دانراوه‌و ئه‌م تاقیگایه‌ خزمه‌تێكی زۆر به‌دانیشتووانی كه‌ركوك ده‌گه‌یه‌نێت به‌هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌.

شه‌ش پزیشكی پسپۆریان بۆ دیاری كراوه‌
لیژنه‌ی پزیشكی هه‌میشه‌یی كه‌ركوك، هه‌زارو 410 پشكنین بۆ هاووڵاتیان ئه‌نجامداوه‌
ئا: هێمن ئه‌حمه‌د
به‌پێی ئاماری لیژنه‌ی پزیشكی هه‌میشه‌یی كه‌ركوك، سه‌ر به‌فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك له‌حه‌وت مانگی رابردودا (1410) مامه‌ڵه‌ بینراوه‌ به‌مه‌به‌ستی ده‌ستنیشانكردنی رێژه‌ی نه‌خۆشییه‌كانیان، یان كه‌مئه‌ندام بوونیان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شه‌ش پزیشكی پسپۆر له‌بواره‌ جیاجیاكان دیاری كراون.
هه‌زارو 410 نه‌خۆش بینراوه‌
د. عیسام عه‌باس به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی لیژنه‌ی پزیشكی هه‌میشه‌یی كه‌ركوك، پێیڕاگه‌یاندین: "به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زیاتری هاوڵاتیانی كه‌ركوك شه‌ش پزیشكی پسپۆر (هه‌ناو، ده‌روونی، نه‌شته‌رگه‌ری، حه‌ساسیه‌، چاو، ژنان) پێكهێنراوه‌و هه‌فتانه‌ سێ رۆژ دیاریكراوه‌ بۆ پشكنینی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی كه‌سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، رۆژانی دووشه‌مه‌ لیژنه‌ی پزیشكی هه‌میشه‌یی داده‌نیشن، رۆژانی سێشه‌مه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ داده‌نیشێت كه‌نه‌خۆش بۆ چاره‌سه‌ر ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كرێت، رۆژانی چوارشه‌مه‌ لیژنه‌ی پزیشكی ده‌رونی داده‌نیشێت بۆ ئه‌وه‌ی راپۆرتی خۆیان له‌باره‌ی نه‌خۆشه‌كانه‌وه‌ بنوسن.
وتیشی: "به‌پێی ئاماری ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی یه‌كه‌وه‌ تاوه‌كو كۆتایی مانگی ته‌مووزی 2015، هه‌زارو 410 هاووڵاتی پشكنینیان بۆ كراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش دوو لیژنه‌ی پزیشكی پسپۆر دوو رۆژ له‌هه‌فته‌یه‌كدا له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی فێركاری‌و نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی كه‌ركوك داده‌نیشن بۆ زیاتر دڵنیابوون له‌و نه‌خۆشانه‌ی كه‌سه‌ردانی لیژنه‌كه‌مان ده‌كه‌ن له‌گه‌ڕه‌كی ئه‌ڵماسی شاری كه‌ركوك ئه‌مكاره‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌خۆشه‌كانه‌، چونكه‌ نه‌خۆشمان هه‌یه‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی له‌لیژنه‌كه‌وه‌ دوره‌ به‌پێی داواكاری خۆی ره‌وانه‌ی یه‌كێك له‌و دوو نه‌خۆشخانه‌یه‌ ده‌كه‌ین".
كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كان
باسی له‌وه‌شكرد، لیژنه‌كه‌یان به‌رده‌وام پشكنین بۆ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ ده‌كات كه‌ به‌هۆی كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كان بریندار بوونه‌ یان كه‌مئه‌ندام بوونه‌، به‌ڵام به‌مه‌رجێك ده‌بێت نووسراوی بنكه‌ی پۆلیسیان پێبێت ئه‌مكاره‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی خودی هاووڵاتیه‌و به‌پێی ئه‌و نووسراوه‌ كارئاسانی ته‌واوی بۆ ده‌كرێت‌و مافی نافه‌وتێت".
نه‌خۆشیه‌ درێژخایه‌نه‌كان
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كاتێك فه‌رمانبه‌ر تووشی نه‌خۆشی درێژخایه‌ن ده‌بێت، ئه‌وا نووسراو له‌فه‌رمانگه‌كه‌یه‌وه‌ بهێنێت بۆ لیژنه‌كه‌مان تاوه‌كو ئێمه‌ش به‌پێی ئه‌و نووسراوه‌ راپۆرتی خۆمان ئاراسته‌ی فه‌رمانگه‌كه‌ی بكه‌ین‌و رێژه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ی بۆ دیاری بكه‌ین كه‌ئایا ئه‌م فه‌رمانبه‌ره‌ توانای ده‌وام كردنی ماوه‌ یان نا یاخود پێویستی به‌مۆڵه‌تی درێژ خایه‌ن هه‌یه‌ یان نا، فه‌رمانبه‌ری واش هه‌یه‌ سه‌ردانیمان ده‌كات‌و داوای خانه‌نیش ده‌كات‌و لیژنه‌كه‌یان رێژه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ی دیاری ده‌كات فه‌رمانگه‌كه‌ی له‌رێژه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ی ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام هاووڵاتی وا هه‌یه‌ دێت سه‌ردانیمان ده‌كات بۆ دیاری كردنی رێژه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ی، ئێمه‌ش داوای لێده‌كه‌ین كه‌ سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی به‌شی ته‌كنیكی بكات‌و نوسراومان بۆ بهێنێت‌و ئێمه‌ش رێژه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ی بۆ دیاری ده‌كه‌ین".
كاركردنیان به‌یاسا ده‌كرێتبه‌ڕێوه‌به‌ری لیژنه‌كه‌ باسی له‌و یاسایه‌ كرد كه‌ئێستا دیاری كراوه‌ بۆ خانه‌نیش كردن‌و ده‌ڵێت: ئه‌و یاسایه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك حاڵه‌تی خانه‌نشین بكرێت به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ ده‌بێت رێژه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ی له‌75% به‌ره‌و سه‌رو بێت، به‌ڵام ئێمه‌ش نه‌خۆشی وامان هه‌یه‌ قاچی یان ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی له‌ده‌ستداوه‌، لیژنه‌كه‌یان رێژه‌ی 60%ی پێده‌دات له‌هه‌مان كاتدا توانای ده‌وام كردنی نامێنێت، بۆیه‌ ئێمه‌ی له‌گه‌ڵ بڕیاره‌ یاسایه‌كانه‌ بڕیارێكی گونجاوی بۆ ده‌ده‌ین تاوه‌كو مافه‌كانی نه‌فه‌وتێت".
هاوكاری ته‌واویان ده‌كه‌ن
راشیگه‌یاند: "فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك هاوكاری ته‌واوی لیژنه‌كه‌ ده‌كات له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، چونكه‌ لیژنه‌كه‌یان په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌كه‌یه‌و هه‌ر كێشه‌یه‌كیش تووشی لیژنه‌كه‌ بێت به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی لێئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌وان چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ن، چه‌ند جارێك ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی كه‌ركوك سه‌ردانی كردووین سه‌باره‌ت به‌ به‌رێوه‌چوونی كاروباری هاووڵاتیان كاری لیژنه‌كه‌یان به‌باشی هه‌ڵسه‌نگاندووه‌و ده‌ستخۆشی لێكردووین". 
 ئاهه‌نگی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی هه‌وكردنی جگه‌ری ڤایرۆسی .
28/7/2015 
به‌ چاودێری  به‌رێز دكتۆر سه‌باح ئه‌مین ئه‌حمه‌د داودی به‌ڕێوبه‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك ،رۆژی  سێ‌ شه‌مه‌28 ی ته‌موز ی 2015  فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك  له‌ هۆڵی سه‌لام ئاهه‌نگێكی  به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی هه‌وكردنی جگه‌ری ڤایرۆسی ئه‌نجامدا كه‌  به‌شداربووان تێیدا پێكهاتبوون له‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و چه‌ند كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن .
ئاهه‌نگه‌كه‌ چه‌ند چالاكیه‌كی له‌ خۆ گرتبوو وه‌ك وانه‌ووتنه‌وه‌ ده‌رباره‌ی چۆنێتی بڵاوبوونه‌وه‌ی  هه‌وكردنی جگه‌ری ڤایرۆسی .و رێگاكانی چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ و هه‌روه‌ها خۆپاراستن له‌م نه‌خۆشییه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن د. ره‌عه‌د عه‌بد له‌تیف پێشكه‌ش كرا و جه‌ختی كرد له‌سه‌ر راگرتنی پاك و خاوێنی له‌ خواردن و ئاوی خواردنه‌وه‌ .

ئاماری فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك  له‌رۆژانی جه‌ژن...
تۆماركردنی 204 حاڵه‌تی  منداڵبوون و پێشوازیكردن له‌ 8518 سه‌ردانكار
21//7/2015
فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك پلانی پزیشكی خۆی دانا بۆ رۆژانی جه‌ژن  به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌وكه‌سانه‌ی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان ئه‌كه‌ن ،له‌گه‌ڵ ئاماده‌كاری بۆ دۆخه‌ كتوپره‌كان به‌ توانایه‌كی ئاست به‌رزه‌وه‌ ،ئه‌و پلانه‌ش له‌ ده‌زگا راگه‌یانده‌كانه‌وه‌  بڵاوكرانه‌وه‌ بۆ به‌رچاو روونی هاووڵاتیان .
به‌ڕێوبه‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك ،دكتۆر سه‌باح ئه‌مین ئه‌حمه‌د داودی ،رۆژی 20/7/2015 رایگه‌یاند :كه‌ پلانه‌كه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی  جێبه‌جێكرا ،ووتیشی 204 حاڵه‌تی منداڵبوون تۆماركرا  له‌ میانه‌ی رۆژانی جه‌ژن .
به‌ڕێوبه‌ری گشتی ،روونیكرده‌وه‌ كه‌ 8518  كه‌س سه‌ردانی به‌شه‌كانی فریاكه‌وتن و راوێژكاری و كلینكی ئێشكگریان كردوه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كان و  2691 كه‌سیش سه‌ردانی تاقیگه‌كانیان كردوه‌ ، كه‌ جۆره‌ها پشكنینی تاقیگه‌ییان بۆ كراوه‌  و تیشك بۆ 882  كه‌س  ئه‌نجامدراوه‌ .
 ووتیشی :  64 نه‌شته‌رگه‌ری و 51 نه‌شته‌رگه‌ری  منداڵبوون  ئه‌نجامدراوه‌ له‌ رۆژنی  جه‌ژن .

 

كه‌ركوك، ئه‌نفلۆنزای باڵندی تێدا نییه‌
هێمن ئه‌حمه‌د
18/6/2015
به‌پێی رێنماییه‌كانی د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی به‌سه‌رۆكایه‌تی دكتۆره‌ ده‌نیز ئه‌نوه‌ر ، به‌ڕێوبه‌ری هۆبه‌ی چاودێری ته‌ندروستی له‌فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌كانی ڤێترنه‌ری‌و كشتوكاڵ‌و ژنیگه‌ پێكهێنرا به‌مه‌به‌ستی پشكنین‌و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و نه‌خۆشیه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك ئاشكرایده‌كات؛ له‌ پارێزگای كه‌ركوك هیچ حاڵه‌تێكی نه‌خۆشی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ تۆمار نه‌كراوه‌.
د. سه‌باح ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كه‌ رایگه‌یاند: "له‌كه‌ركوك 25 ده‌واجن هه‌یه‌ كه‌پێكهاتووه‌ له‌48 هۆڵی به‌خێوكردنی مریشك، ئه‌و ده‌واجنانه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی (قه‌ره‌هه‌نجیر، شوان، له‌یلان، داقوق، دوبز، پردێ) ئامانج له‌و گه‌ڕان و پشكنینانه‌ ده‌ستنیشان كردنی ئه‌و نه‌خۆشیه‌یه‌".
وتیشی: "لیژنه‌كه‌یان به‌رده‌وام چاودێری ئه‌و ده‌واجنانه‌ ده‌كه‌ن، به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی ڤێترنه‌ری‌و كشتوكاڵ‌و ژینگه‌ بۆ ده‌واجنه‌كان، ئامانجیش پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتیانه‌".

فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك : رۆژی جیهانی خوێن به‌خشین 
14-6-2015
به‌چاودێری به‌ڕێز به‌ڕێوبه‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك،دكتۆر سه‌باح ئه‌مین ئه‌حمه‌د داودی و به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی خوێن به‌خشین ،به‌شی كرداره‌ پزیشكییه‌كانی تایبه‌تمه‌ن ،رۆژی 14 /6/2015 ئاهه‌نگێكی خوێن به‌خشینی ئه‌نجامدا. به‌ڕێوبه‌ری بانكی خوێنی سه‌ره‌كی له‌كه‌ركوك  ،دكتۆر عیسا  حه‌بیب ووتی:ئه‌مرۆژه‌  ساڵانه‌ یاد ئه‌كرێته‌وه‌ ، له‌م رۆژه‌دا هاووڵاتیان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو خوێن ئه‌به‌خشن ، بۆ رزگاركردنی گیانی نه‌خۆشه‌كانی ته‌لاسیمیا و نه‌خۆشه‌كانی شێرپه‌نجه‌ و برینداره‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و بۆ  ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌خوێنه‌ و رزگاركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ كاتی رووداوی كت و پڕ پێوستییه‌كه‌ی زۆریان به‌خوێنه‌ ،ووتیشی بانكه‌كه‌یان رۆژانه‌ پێشوازی ئه‌كات له‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خوێن ئه‌به‌خشن و  له‌ 4 بۆ 5 چركه‌ نه‌خۆشێك پێویستی به‌خوێنه‌ له‌ سه‌ر ئاستی جیهان ،شایانی باسه‌ بانكه‌كه‌ پێشتر ئامارێكی  له‌ 1/1/2015 بۆ 6/6/2015 راگه‌یاند ،كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا  30 هه‌ڵمه‌تی خوێن به‌خشنیان ئه‌نجامداوه‌. . 
فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك : دابه‌شكردنی پزیشكان و پزیشكانی ددان و پزیشكانی ده‌رمانساز
11/6/2015
سالار حوسێن
په‌پێی یاسای ته‌ده‌روجی  وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌باره‌ی ئه‌و پزیشكانه‌ی كه‌ تازه‌ داده‌مه‌زرێن  ساڵێك خزمه‌ت ئه‌كه‌ن له‌ نه‌خۆشخانه‌كان و  دواتر دابه‌ش ده‌كرێن به‌سه‌ر بنكه‌ته‌ندروستیه‌كان به‌ سیسته‌می ته‌ده‌روج ،رۆژی  10/6/2015 ژماره‌یه‌ك پزیشك كه‌ 34 پزیشك بوون دابه‌شكران به‌سه‌ر ئه‌و بنكانه‌ی كه‌ كه‌می كادری پزیشكیان هه‌یه‌ و ئه‌مڕۆش 11-6-2015   ژماره‌یك له‌ پزیشكانی ددان كه‌ 23 پزیشكی ددان بوون و ژماره‌یه‌كیش له‌ پزیشكانی ده‌رمانساز كه‌ 29 پزیشكی ده‌رمانساز بوون به‌ پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دابه‌شكران به‌سه‌ر ئه‌و بنكه‌ و شوێنانه‌ی كه‌ كه‌می ئه‌و كادرانه‌یان هه‌یه‌  شایانی باسه‌ له‌كاتی دابه‌شكردنه‌كه‌ هه‌ندێ خاڵ ره‌چاو ده‌كرێن وه‌كو  كارامه‌یی  ئه‌و كادره‌و كۆی نمره‌كان و هه‌ندێ دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی له‌به‌ر چاو ده‌گیرێت  . 

فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك : خولێك بۆ كادرانی پزیشكی خێزان 
11/6/2015
سالار حوسێن 
 له‌ چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی  فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك ،یه‌كه‌ی پزیشكی خێزان / هۆبه‌ی  بنكه‌كان،خولێكی ته‌ندروستی بۆ كادرانی پزیشكی سه‌ر به‌ بنكه‌ كانی چاودێری ته‌ندروستی ،رێكخست ،له‌ ماوه‌ی  7-11/6/2015 .

له‌ خوله‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك  بابه‌ت و وانه‌ی گرنگ ووترانه‌وه‌ ،ئاماژه‌ به‌وه‌ كرا كه‌  پزیشكی خێزان په‌یوه‌ندی راسته‌و خۆی به‌ ته‌ندروستی خێزانه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌ردوو ره‌گه‌زی نێر و مێ ئه‌گرێته‌وه‌ و  بنه‌مای سه‌ره‌كییه‌ له‌ هه‌ره‌می ته‌ندروستی نموونه‌یی  به‌بێ ئه‌ویش سیسته‌می ته‌ندروستی  دروست نابێ  .
ئامانج له‌ خوله‌كه‌ په‌ره‌پێدانی  تواناو ئه‌زموونی  ئه‌و  كادره‌ پزیشكیانه‌ بوو كه‌ بنكه‌كانی چاودێری ته‌ندروستی كارده‌كه‌ن .شایانی باسه‌  ژماره‌ی به‌شدار بووان له‌خوله‌كه‌   25 كادری ته‌ندروستی بوون . 

زیاتر له‌23 هه‌زار نه‌خۆش بینراوه‌
چوار پزیشكی پسپۆر له‌خزمه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ن پێویستیان به‌چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌
هێمن ئه‌حمه‌د
به‌پێی ئامارێكی لیژنه‌ی پزیشكی بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌پێویستیان به‌راپۆرتی تایبه‌ته‌ بۆ تۆڕی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ساڵی 2008ه‌وه‌ تاوه‌كو كۆتایی مانگی ئایاری (2015)، 23 هه‌زارو 918 كه‌س سه‌ردانی لیژنه‌كه‌یان كردووه‌و هه‌روه‌ها له‌سه‌رتای ئه‌مساڵه‌وه‌ هه‌زارو 272 كه‌سیان بینیوه‌و دۆسێش 644 كه‌سیشی له‌لایه‌ن ئیداره‌ی به‌شی ته‌كنیكی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوكه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ تاوه‌كو لیژنه‌كه‌ بیبینێت‌و لیژنه‌كه‌ش له‌چوار پزیشك پێكهاتووه‌ (ده‌روونی، هه‌ناو، چاو، نه‌شته‌رگه‌ری) بۆ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی كه‌تووشی نه‌خۆشی ئیفلیجبوون بوونه‌و نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ هه‌موو رۆژێكی یه‌كشه‌مان پشكنینیان بۆ ده‌كه‌ن‌و رێژه‌ی ئیفلیجبوونه‌كه‌یان دیاری ده‌كه‌ن، به‌مه‌به‌ستی ته‌رخانكردنی مووچه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ركوكه‌وه‌.له‌و باره‌یه‌وه‌ د. عه‌بدولكه‌ریم خدر پسپۆر له‌بواری نه‌خۆشی ده‌رونی‌و ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌ رایگه‌یاند: "كاری لیژنه‌كه‌یان پشكنینی هه‌موو هاوڵاتییه‌كه‌، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌تووشی ئیفلیجی (مێشك‌و ده‌ست‌وپێ بوونه‌) به‌مه‌به‌ستی بڕینه‌وه‌ی مووچه‌ بۆیان بڕیاركه‌ش له‌ڕه‌گه‌زی نێره‌وه‌ بۆ مێ ده‌گۆڕدرێن‌و به‌پێی ته‌مه‌ن، به‌ڵام بۆ ئافره‌ت ته‌مه‌ن له‌به‌ر چاو ناگیرێت".نه‌خۆشی بیركۆڵیوتیشی: "گه‌ر هاتوو ره‌گه‌زی نێر تووشی نه‌خۆشی بیركۆڵی ببێت ده‌بێت ته‌مه‌نی 15 ساڵ به‌سه‌ره‌وه‌ بێت ئه‌وكاته‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌یگرێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ مێ ته‌مه‌ن دیاری نه‌كراوه‌و بڕیاره‌كه‌ ده‌یگرێته‌وه‌، جگه‌ له‌مانه‌ش نه‌خۆشییه‌ ده‌روونیه‌كان وه‌كو ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی نه‌خۆشی "ئینفیسام شه‌خسی‌و خه‌مۆكی"بوونه‌ بڕیاره‌كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌و هه‌ر نه‌خۆشیه‌كی دیكه‌ بێته‌ هۆی په‌ك كه‌وتنی مرۆڤ ئه‌وا بڕیاره‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ ده‌بێت مووچه‌یان بۆ ببڕێته‌وه‌، چونكه‌ توانای كاركردنیان نابێت".باسی له‌وه‌شكرد، كاری لیژنه‌كه‌ ته‌نیا دیاریكردنی رێژه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌  نه‌ك پێدانی ده‌رمان، چونكه‌ زۆرجار تووشی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ ده‌بین پێمان ده‌ڵێن به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داو ده‌رمانمان بۆ بنوسن، بۆیه‌ كاری ئێمه‌ ته‌نیا نووسینی راپۆرتی پزیشكیه‌ ئایا ئه‌و نه‌خۆشه‌ په‌ككه‌وته‌یه‌ یان نا". 23918 نه‌خۆش بینراوه‌ئه‌و پسپۆره‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد له‌ساڵی 2008ه‌وه‌ تاوه‌كو كۆتایی مانگی ئایاری 2015 لیژنه‌كه‌یان 23918 نه‌خۆشیان بینیوه‌  بۆ دیاریكردنی رێژه‌ی ئیفلیج بوونیان، هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌ دۆسێیه‌كی زۆر ره‌وانه‌ی فه‌رمانگه‌ی تۆڕی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ركوك كراوه‌ به‌مه‌به‌ستی بڕینه‌وه‌ی مووچه‌ بۆیان‌و ئیداره‌ی لیژنه‌كه‌ش 644 دۆسێی دیكه‌ی بۆ ئاماده‌كردوین تاوه‌كو پشكنین بۆ ئه‌وانیش بكه‌ین".

فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك ئاهه‌نگێك بۆ رۆژی جیهانی نه‌هێشتنی جگه‌ره‌كێشان 
هێمن ئه‌حمه‌د
31-5-2015
رۆژی 31/5/2015، فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك ئاهه‌نگێكی له‌ژێر ناونیشانی (بازرگانی كردنی نایاسایی به‌رهه‌رمه‌كانی توتن راگرن) له‌هۆڵی سه‌لامی شاره‌كه‌ رێكخست.
له‌و ئاهه‌نگه‌دا د. بورهان عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ته‌ندروستی گشتیی وتارێكی له‌سه‌ر زیانه‌كانی جگه‌ره‌ بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو كه‌مرۆڤ تووشی چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌ ده‌كات، بۆیه‌ داوای له‌هاووڵاتیان كرد خۆیان به‌دور بگرن له‌جگه‌ره‌ كێشان، چونكه‌ ساڵانه‌ له‌هه‌موو جیهان شه‌ش ملیۆن هاووڵاتی ده‌مرن‌و هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌ 600 هه‌زاریان به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ جگه‌ره‌ ده‌كێشن واته‌ له‌نزیك كه‌سانی جگه‌ره‌ كێشه‌وه‌ داده‌نیشن، بۆیه‌ داوای له‌هاووڵاتیان كرد له‌بری ئه‌وه‌ خۆیان به‌ وه‌رزش كردن سه‌رقاڵ بكه‌ن.
هاوكات خاتوو سۆزان ئه‌نوه‌ر نوێنه‌ری رێكخراوی مانگی سووری عیراقی رایگه‌یاند: "رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی هه‌وڵی به‌رده‌وامی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی جگه‌ره‌ كێشان داوه‌و هه‌روه‌ها رێكخراوه‌كه‌ ڕوبه‌ڕوی به‌رهه‌م هێنه‌رانی توتن بونه‌ته‌وه‌ هه‌روه‌ها رێوشوێنی توندیان گرتووته‌به‌ر بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ریكلام بۆ جگه‌ره‌ ده‌كه‌ن .  شایانی باسه‌  به‌شداربووانی ئاهه‌نگه‌كه‌ بریتی بوون له‌ به‌ڕێوبه‌رانی  كه‌رته‌كانی ته‌ندروستی كه‌ركوك و به‌رێوبه‌رانی بنكه‌ ته‌ندروستیه‌كان بڕیاریش درا  به‌ڕێوبه‌رانی  بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كان هه‌فتانه‌ دووكۆبوونه‌وه‌ بكه‌ن له‌گه‌ڵا  ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ردانی بنكه‌كانیان ده‌كه‌ن بۆ زیاتر روونكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی جگه‌ره‌ كیشان.

فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی هه‌وڵه‌كانی به‌ده‌وامه‌ بۆ نه‌هێشتنی مێشووله‌و مێش‌و 
هێمن ئه‌حمه‌د
به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زیاتری دانیشتوانی شاری كه‌ركوك ئێواره‌ی رۆژی 26/5/2015، تیمێك له‌یه‌كه‌ی كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌ گواستراوه‌كان له‌فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه‌یان قانڕێژكرد به‌مه‌به‌ستی بنبڕكردنی مێشووله‌و مێش‌و مه‌گه‌ز.
فه‌رمانگه‌ ته‌ندروستی كه‌ركوك نه‌خشه‌یه‌كی داڕێشتووه‌ بۆ قانڕێژكردنی سه‌رجه‌م گه‌ڕه‌كه‌كانی كه‌ركوك، بۆیه‌ رۆژی 26/5، تیمه‌كه‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی بارودخانه‌و ئازادی‌و ده‌روازی شاری كه‌ركوكی ده‌رمانڕێژكردن بۆ قه‌ڵاچۆڵكردنی مێشووله‌و مێش‌و مه‌گه‌ز، ئامانجی ته‌ندروستی له‌ده‌رمانڕێژكردنی گه‌ڕه‌كه‌كان گه‌یاندنی باشترین خزمه‌تگوزاریه‌ به‌دانیشتوانی كه‌ركوك.


هه‌ڵمه‌تی نیشتمانیی كوتان دژی ئیفلیج بوون ده‌ستیپێكرد
هێمن ئه‌حمه‌د
رۆژی 24/5/2015، به‌سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی دكتۆر سه‌باح ئه‌مین ئه‌حمه‌د داوودی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك، هه‌ڵمه‌تی نیشتمانیی كوتان له‌دژی نه‌خۆشی ئیفلیجی منداڵ له‌ڕێگه‌ی دڵۆپه‌وه‌ ده‌ستیپێكردو هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ئه‌و منداڵانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان خوار پێنج ساڵه‌‌و ماوه‌ی پێنج رۆژیش به‌رده‌وام ده‌بێت.
حسێن سابیر به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی فه‌رمانگه‌كه‌ رایگه‌یاند: "چه‌ند تیمێك له‌بنكه‌كانی ته‌ندروستی‌و تیمی گه‌ڕوك بۆ ئه‌و مه‌به‌به‌ست پێكهێنراوه‌و ماڵ به‌ماڵ ده‌گه‌ڕێن، جگه‌ له‌وه‌ش تیمه‌كانیان هۆشیاری له‌سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌ده‌نه‌ هاووڵاتیان".

فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك :بۆ یه‌كه‌مجار كردنه‌وه‌ی خولیكی تاقیگه‌یی له‌كه‌ركوك 
24-5-2015
به‌چاودێری به‌ڕێز دكتۆر سه‌باح ئه‌مین ئه‌حمه‌د داودی ، به‌ڕێوبه‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك و له‌ژێر دروشمی( كوالیتی رۆڵی كادیرانی تاقیگه‌یی بنه‌مای  به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی دۆخی ته‌ندروستییه‌ ).، هۆبه‌ی تاقیگه‌یی سه‌ر به‌به‌شی كاروباری ته‌كنیكی ،ئاهه‌نگێكی سازكرد به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی  خولێكی تاقیگه‌یی بۆ ده‌رچووانی كۆلێژی ده‌رمانسازی و كۆلێژی زانستی ،ئه‌مه‌ش بۆیه‌كه‌مجاره‌  له‌پارێزگای كه‌ركوك له‌مجۆره‌ خوله‌ بكرێته‌وه‌، سه‌ره‌تای ئاهه‌نگه‌كه‌ ،به‌رێوبه‌ری گشتی ووته‌یه‌كی به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش كرد ، تێیدا باسی گرنگی ئه‌م خوله‌ی كرد،كه‌ چه‌ندخزمه‌ت به‌ كادیرانی تاقیگه‌یی ده‌كات و ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی باشه‌ بۆ فه‌رمانگه‌كه‌مان، پارێزگای كه‌ركوك سێیه‌م پاریزگایه‌ له‌دوای به‌غدا و به‌سره‌ كه‌  ئه‌م جۆره‌  خوله‌ی تێدا  بكرێته‌وه‌   ، و ده‌ستخۆشی وسوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ كرد كه‌ رۆڵیان هه‌بوه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م خوله‌ و رۆڵی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی كه‌ركوك و كۆلیژی پزیشكی به‌رز نرخاند له‌ پشتگیركردنی  فه‌رمانگه‌كه‌مان  ، دوای ئه‌ویش دكتۆر ئازاد كه‌مال خاوه‌ر ،به‌ڕێوبه‌ری هۆبه‌ی  تاقیگه‌ییه‌كان وته‌یه‌كی  ده‌رباره‌ی خوله‌كه‌ پێشكه‌ش كرد ئه‌ویش وێڕای پیرۆزبایی خۆی له‌ به‌شدار بووان هیوای خواست ئیتر بۆ له‌مه‌ودوا ئه‌م جۆر خولانه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ پێناو به‌ره‌و پێشه‌وچوونی كادیرانی  تاقیگه‌یی ، له‌ كۆتاییشدا چه‌ند وانه‌یه‌ك و گفتوگۆ كرا ده‌رباره‌ی  خوله‌ كه‌ . 

فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك : خولێكی كۆمپیته‌ر
14/5/2015
سالار حوسێن
له‌ چوارچێوه‌ی كارو چالاكییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك و به‌رده‌وامبوون  له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی خولی زانستی بۆ كارمه‌ندانی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك -هۆبه‌ی فێركردنی پزیشكی به‌رده‌وام ، له‌ هۆڵی كۆمپیته‌ر له‌ دیوانی فه‌رمانگه‌ خولێكی كۆمیته‌ری كرده‌وه‌ به‌ناوی ( به‌رنامه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌قه‌كان) له‌ رۆژی 10-14/5/2015 بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌ندانی فه‌رمانگه‌كه‌، كه‌ ژماره‌یان 27 كه‌س بوون ، چه‌ندین وانه‌ی زانستی ووترانه‌وه‌ له‌لایه‌ن وانه‌بێژان ، سوعاد كه‌مال و ئازاد نه‌جات و حه‌مدان نیعمه‌ت ، له‌كۆتایی خوله‌كه‌ش تاقیكردنه‌وه‌ی تیۆری و كرداری  بۆ به‌شداربووان ئه‌نجامدرا. 

پێشوازیكردن و چاره‌سه‌ركردنی 94 حاڵه‌تی ته‌نگه‌ نه‌فه‌سی له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌ركوك به‌هۆی خۆڵبارینه‌وه‌ .
13-5-2015 
نه‌خۆشخانه‌كانی  كه‌ركوك له‌ شه‌وی رابردوه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌م به‌یانییه‌ پێشوازیانكرد له‌(94)حاڵه‌تی ته‌نگه‌ نه‌فه‌سی به‌هۆی خۆڵبارینه‌وه‌ ، كه‌ 37 حاڵه‌تیان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی كه‌ركوكی گشتی  بوو 15 حاڵه‌تیشیان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی فێركاری  بوو  15 حاڵه‌تی تر له‌ نه‌خۆشخانه‌ی داقوقی گشتی  و 27 حاڵه‌تیش له‌ نه‌خۆشخانه‌ی منداڵان بوو.
به‌ڕێوبه‌ری راگه‌یاندنی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك ، حوسێن سابر ، ووتی:قاوشه‌كانی فریاكه‌وتن له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌ركوك له‌ شه‌وی رابردوه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌م به‌یانییه‌ی چوارشه‌ممه‌   پێشوازیانكرد له‌94  نه‌خۆش كه‌ تووشی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی  ببوون به‌هۆی ( خۆڵبارینه‌وه‌ )كه‌ رووی له‌شاره‌كه‌ كردبوو . به‌رێزیان ووتی:ئه‌م حاڵه‌تانه‌ چاره‌سه‌ری ته‌واویان بۆ كراوه‌ ،له‌سه‌ر ده‌ستی كادرانی پزیشكی و په‌رستاری ، دواتریش نه‌خۆشخانه‌كانیا ن جێهێشت  ،دوای ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری پێویستیان وه‌رگرت و به‌ته‌واوی چاك بوونه‌وه‌ . 
سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستی كوردستان/لقی كه‌ركوك : ئاهه‌نگی رۆژی جیهانیی په‌رستاران
12-5-2015
 سالار حوسێن
له‌ ژێر دروشمی رێزلێنان و پشتیوانیكردن له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و به‌بۆنه‌ی رۆژ جیهانیی په‌رستارانه‌وه‌ ، سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستی كوردستان/لقی كه‌ركوك رۆژی 12/5/2015  ئاهه‌نگێكی شایسته‌ی سازكرد له‌ هۆڵی سه‌لام  به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ، له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا ووته‌ی به‌ڕێوبه‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك له‌لایه‌ن دكتۆر( حوسێن ئیبراهیم ) ه‌وه‌  خوێنرایه‌وه‌ ،له‌ ووته‌كه‌یدا وێڕای پیرۆزبایی له‌ كارمه‌ندانی په‌رستاری  به‌م بۆنه‌یه‌وه‌  ،ستایشی رۆڵی كارمه‌ندانی په‌رستاری كرد ، كه‌ هه‌میشه‌ شه‌و و رۆژیان پێكه‌وه‌ گرێداوه‌ بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان و له‌ پێناوه‌شدا چه‌ندین قوربانییان داوه‌ ،جگه‌ له‌وه‌ی شانبه‌شانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌ره‌كانی جه‌نگدا ،خزمه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان كردوه‌ ، هه‌روه‌ها به‌رێزیان ئاماده‌یی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوكی  پیشانداوه‌ كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشگیریی له‌ داوا ره‌واكانیان بكه‌ن ،هه‌روه‌ها بروسكه‌یه‌كی پیرۆزبایی دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم خوێنرایه‌وه‌ بۆپیرۆزبایكردن و  پاڵپشتیكردن و ده‌ستخۆشیكردن له‌ په‌رستاران به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ،دواتریش چه‌ندین  بروسكه‌ی پیرۆزبایی  خوێنرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌كانی تری كه‌ركوك و رێكخراوه‌كان ، ووته‌یه‌كیش له‌لایه‌ن دكتۆر بێستون عادل زه‌نگه‌نه‌وه‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ خوێنرایه‌وه‌ ، به‌ڵێندا كه‌ هه‌رچی له‌ توانایاندا بێت بیكه‌ن بۆ پشگیریكردنی له‌  كارمه‌ندانی  په‌رستاریی  ، هه‌ر له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا سپۆتێك نمایشكرا  كه‌ ئاماژه‌ی له‌ رۆڵی كارمه‌ندانی په‌رستاری ده‌كرد له‌ هه‌موو بواره‌كاندا و چه‌ندین قه‌ڵغانی رێزلێنان پێشكه‌ش به‌و به‌ش و هۆبانه‌ی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك كرا كه‌ رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ خزمه‌تكردنی بواری ته‌ندروستی له‌ شاره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ماندا . 

ته‌ندروستی كه‌ركوك، ئاهه‌نگێك بۆ ده‌رچووانی ئاماده‌یی سازكرد
هێمن ئه‌حمه‌د
23-4-2015
به‌چاودێری دكتۆر سه‌باح ئه‌مین ئه‌حمه‌د داوودی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك، ئاهه‌نگێك بۆ خوێندكارانی ده‌رچووانی ئاماده‌یی مامانی‌و منداڵبوون له‌هۆڵی سه‌لامی شاره‌كه‌ سازكرد.
له‌ئاهه‌نگه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌نوێنه‌رانی به‌شه‌كانی فه‌رمانگه‌و مامۆستایانی ئاماده‌ییه‌كه‌، ئاماده‌ی بوون‌و دواتر له‌لایه‌ن خوێندكاره‌كانه‌وه‌ چه‌ند چالاكییه‌ك‌و شانۆگه‌ریه‌ك له‌سه‌ر چۆنێتی له‌دایكبوونی منداڵ به‌ه‌ڕێگه‌یه‌كی ته‌ندروست ئه‌نجامدرا.
هه‌ر له‌ئاهه‌نگه‌كه‌دا خه‌ڵاتی رێزلێنان به‌سه‌ر خوێندكارانی ئه‌و ئاماده‌ییه‌ دابه‌شكرا.
له‌كۆتایی ئاهه‌نگه‌كه‌دا خوێندكاران به‌ هه‌ڵپه‌ركێیه‌كی مللی نه‌ته‌وه‌یی كه‌سه‌رجه‌م ره‌نگه‌كانی كه‌ركوكی له‌خو گرتبوو.


تیمێكی ته‌ندروستی كه‌ركوك چوونه‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ
هێمن ئه‌حمه‌د
به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زیاتری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و ئه‌و هێزانه‌ی پارێزگاری له‌ئه‌منییه‌تی شاری كه‌ركوك ده‌كه‌ن، تیمێك به‌چاودێری د. سه‌باح ئه‌مین ئه‌حمه‌د داوودی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك چوونه‌ گونده‌كانی باشووری خۆرئاوای كه‌ركوك.
تیمه‌كه‌ له‌ژماره‌یه‌ك پزیشكی پسپۆر پێكهاتبوو
ئامانج له‌سه‌ردانی كردنی ئه‌و تیمه‌ بۆ گونده‌كانی (مه‌تاره‌ ، موڕه‌ (تاڵاوه‌)، گومات، عه‌تشانه‌، عوزیریه‌)ی باشووری كه‌ركوك، پشكنینی برا پێشمه‌رگه‌كان بوو، هه‌روه‌ها ئۆتۆمبێلێكی ئه‌نبۆڵانس ده‌رمانی یاوه‌ری تیمه‌كه‌ بوو، جگه‌ له‌وه‌ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك تێمێكی له‌به‌شی چاودێری فه‌رمانگه‌كه‌ پێكهێنابوو كه‌تایبه‌ت بوو به‌قه‌ڵا چۆڵكردنی مێش‌و مه‌ز، ئه‌و گوندانه‌یان (قانڕێژ) دوكه‌ڵڕێژكرد، جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ندین كه‌ره‌سته‌ی دژه‌ مێشووله‌ درانه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌شه‌وانه‌ پێشمه‌رگه‌ ئێشكگیری تێدا ده‌كات، بۆیه‌ بڕیاریشیاندا تیمه‌كه‌یان به‌ به‌رده‌وامی سه‌ردانی به‌ره‌كانی جه‌نگ بكه‌ن‌و بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی جێگیر له‌نزیك به‌ره‌كانه‌وه‌ دابمه‌زرێنن كه‌ماوه‌ی 24 كاتژمیَِر له‌خزمه‌تی هێزه‌كان بێت له‌ڕووی دابینكردنی پێداویستی پزیشكی‌و تیماركردنی برینداركان.
دواتر فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ ستایشی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستیان كرد، به‌رده‌وام سه‌ردانی به‌ره‌كانی چه‌نگ ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی پێداویستی ته‌ندروستی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و رایانگه‌یاند: "ئه‌مكاره‌ی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك وره‌ی زیاتری به‌پێشمه‌رگه‌ ده‌به‌خشێت، چونكه‌ هه‌ست ده‌كه‌ن خه‌مخوریان هه‌یه‌و ئه‌وانیش زیاتر به‌رگری له‌دانیشتووانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن به‌هه‌موو پێهاته‌كانیوه‌.